دیزاینەر و خاوەنکار
ئەحمەد یوسف، دیزاینەر و خاوەنکار، پێشکەشکاری پۆدکاستەکەیە. لێکۆڵینەوە لەسەر ھەر میوانێک دەکات، پۆدکاستەکە بەڕێوەدەبات، و خۆی باسی سپۆنسەرەکە دەکات. کاتێک ئەو پێشنیازی شتێک دەکات، بینەرەکانی بە هەند وەریدەگرن.
ئەحمەد زیاتر لە ١٠ ساڵە بەردەوامە لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی کارەکانی لە چەندین بواردا. دامەزرێنەری ستۆدیۆی Simpl کە دەزگایەکی کریەتیڤ و بازارگەرییە. هەروەها شکلێت کە لە بواری خواردن و خواردنەوەدا کاردەکات. بە پاشخانێک لە داهێنان، بە براندکردن، دیزاین و پەرەپێدانی بازرگانی، ئەحمەد دیدێکی ناوازە دەهێنێتە ناو گفتوگۆکانەوە؛ لە هەر ئەڵقەیەکدا گفتوگۆیەکی قووڵ لەگەڵ میوانەکاندا دەکرێت — لە بیرۆکەی دامەزراندن و دەستپێکردنەوە تا بەڕێوەبردن و سەرکەوتنی پرۆژەکان.
لە هەڵەبجە لەدایکبووم و لە سلێمانی گەورە بووم. ئەندازیاری شارستانیم، دەرچووی زانکۆی سلێمانی. ئێستا وەک ئەندازیار کار ناکەم و چەند پرۆژەیەکی ترم هەیە.
لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دایک و باوکم کامێرایەکیان بۆ کڕیم، هەر لەوەشەوە فێری کامێرا و فۆتۆگرافی بووم، ئیدیتی وێنەکان بە فۆتۆشۆپ و پاشان وردە وردە فێری دیزاین بووم. دیزاینیش بوو بە لێهاتووییەک تا بوومە دیزاینەر و پاشان بوو بە ئیشی سەرەکیم.
لە پۆلی ٨ەوە دەستم کردووە بە کاری خۆبەخشی لە ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان. هەمیشە ویستوومە ببمە بەشێک لە شتێک یان شتێکی گرنگ بنیات بنێم.
لە زانکۆ، لەگەڵ خوێندنەکەم ڕێکخراوی ئەندازیاری ENGOم دامەزراند — کۆمەڵێک ئەندازیار و خوێندکاری ئەندازیاری کە هەڵدەستاین بە ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی چالاکی ئەندازیاری. من وەک دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕێکخراوەکە لەگەڵ ٥ هاوڕێم دەسمان پێکرد، تا لە کۆتاییدا گەشتین بە زیاتر لە ١٠٠ ئەندام و ٤ ساڵ خزمەتی بواری ئەندازیاریمان کرد.
هەروەها لەگەڵ چەند هاوڕێیەک پەیمانگای خەونەکانمان کڕییەوە، هێشتا خوێندکار بووم، پشکی من ٣,٣٠٠ دۆلار بوو. بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەڕێوەمان برد بەڵام زۆر سەرکەوتوو نەبووین — ئەزموونێکی باشی بزنسمان نەبوو، دواتریش کۆرۆنا هات. ناچار بووین بیفرۆشینەوە؛ دوای پێنج ساڵ کارکردن هەم کات و هەم پارەکەشمان ڕۆشت. ئەوە یەکەم زەرەری ڕاستەقینەم بوو.
دوای زانکۆ ٦ مانگ وەک ئەندازیار کارم کرد، هەر زوو بڕیارمدا ئەندازیاری بۆ من گونجاو نییە. لە کۆتاییدا بڕیارمدا سەرکێشییەکی گەورەتر بکەم — لەگەڵ خێزانم ماڵمان گواستەوە بۆ هەولێر بۆ هاوبەشی بزنسێک. یەک ساڵ. یەک ژووری نوستنی بچووک، لەسەر دۆشەک ئەخەوتین، غەسالە و کەنتۆرمان نەبوو، تەنها سەلاجەیەک و تەباخێکی بچووک. لەگەڵ هەموو ئەمانەش بزنسەکە سەرکەوتوو نەبوو. بە ٥,٠٠٠ دۆلار قەرزەوە گەڕامەوە سلێمانی. ساڵێکی زۆر قورس بوو — بەڵام ئەزموونێکی ڕاستەقینەم لێیەوە وەرگرت.
کاتی گەڕانەوەم پەلەم نەکرد. بۆ ماوەیەک بە فریلانسەری کارم کرد، یەک دوو ئیشم تاقی کردەوە، تا وردە وردە کەوتمەوە سەر خۆم و قەرزەکەشم دایەوە. لە مانگی ٢ی ٢٠٢٤ ئۆفیسێکی بچووکم کردەوە و سیمپڵ ستۆدیۆم بە تەنها دەست پێکرد. ناوی «سیمپڵ» لە قەناعەتی خۆمەوە بۆ شتەکان هات — دیزاین ئەبێ سادە بێت، بیرۆکە و فکرە ئەبێ سادە بن، و بزنسیش بە هەمان شێوە سادە. سیمپڵیش ئاسان نەبوو، زۆر جار بێ قازانج گەشتووینەتە مانگی داهاتوو. بەڵام دڵنیابووم لەوەی ئەم ئیشە گونجاوترین ئیشە بۆ من.
لە سەرەتای ٢٠٢٥ لەگەڵ براکانم شکلێتمان دانا، بە ٥,٠٠٠ دۆلار دەسمان پێکرد، ماتۆڕێکمان کڕی و ڕێکمانخست بۆ ئیشەکە، یەک کارمەندمان هەبوو. دوای مانگێک لە ڕەمەزاندا خەڵک بۆ چەندین کاتژمێر لە سەرەدا دەوەستان و فریای ئیشەکە نە ئەکەوتین. ئێستا ٣ لق، ٢ هۆڵی ئامادەکردن، ٢ کۆگا و زیاتر لە ١٨ کارمەندمان هەیە.
لە مانگی ٩ی ٢٠٢٥ پۆدکاستی فاوندەرزم دەستپێکرد — ناوەڕۆکێکی ڕاستەقینەی بازرگانی بە زمانی کوردی نەبوو یاخود زۆر کەم بوو، بۆیە خۆم دروستم کرد.
تەمەنم ٣٠ ساڵە. بە چوار زمان قسە دەکەم. دیزاینەری براند و ستراتیجی، فۆتۆگرافی، ڤیدیۆگرافی و مارکێتینگ شارەزام. هێشتا زۆر ماوە لە ڕێم و پێم وایە تازە دەست پێ ئەکەم.
وەڵامەکانی ئەحمەد، بە وشەی خۆی.
بەڕێوەبردنی چەند ئیشێکی جیاواز لە یەک کاتدا بەبێ ئەوەی کوالێتی هیچ کامێکیان دابەزێت. ئێستا ستۆدیۆیەکی دیزاین، براندێکی شیرینی و پۆدکاستێک بەڕێوەدەبەم. هەر دانەیەک مێشکی تەواوی دەوێت.
قورسترین بەش ئەوەیە لە هەر سێکیاندا ئامادەبیت بەبێ ئەوەی ماندوو ببیت و وازبهێنی — ڕۆژانە ١٠–١٢ کاتژمێر ئیش دەکەم. لە بزنسی کریەتیڤ و دیزایندا بە تایبەت، قورسترین شت بەردەوامییە. مەرج نییە هەموو مانگێک قازانج بکەیت یان هەموو مانگێک وەک یەک بێت؛ مانگی باش و مانگی خراپ هەیە، و دەبێت بزانیت چۆن کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەیت بەبێ ئەوەی تەرکیزت بڕوات.
هەر ئیشێک بتەوێ دەستی پێ بکەیت ئاستەنگی و قورسی خۆی هەیە. لەگەڵ ڕێکخراوی ئەندازیاری ENGO لە زانکۆ هیچمان نەبوو — نە پارە، نە شوێن، نە ئەزموونێک شایەنی باس بێت.
پەیمانگای خەونەکانمان بێ ئەزموونێکی ڕاستەقینەی بزنس کڕی، و دوای ئەوەش کۆرۆنا و بێ ئەزموونی ناچاری کردین بیفرۆشینەوە.
لای سیمپڵ، قورسییەکەی ئەوە بوو یەکەمجار بوو ئۆفیسی خۆم دابنێم؛ کرێی بینا، مووچەی کارمەند، کڕینی پێویستییەکان… ئەوکاتە تەنها مۆبایلێک و کۆمپیوتەرێکم هەبوو.
لای شکلێت، پارەیەکی زۆر کەممان پێبوو و لە هەمان کاتدا بزنسێکی ترم بەڕێوە دەبرد. هیچ زانیاریمان لەسەر بزنسی خواردن و خواردنەوە نەبوو — لە سفرەوە هەموو شتێک بە تاقیکردنەوە فێربووین.
ئاستەنگەکان وەک یەک بوون — کەمی پارە و کەمی ئەزموون. بەڵام ویست و بەردەوامی وای کرد ئیشەکان سەربگرن.
ناتوانین بڵێین گاڵتە، بەڵام هەموو کات کەسە نزیکەکان حەز دەکەن لە زۆنی سەلامەتیدا بمێنیتەوە. کاتێک ویستم بچمە هەولێر پێیان دەوتم مەچۆ، لە شوێنی خۆت بە سەلامەتی بمێنەرەوە و سەرکێشی مەکە.
کاتێک کاری دیزاینم دەکرد دەیانوت بۆچی کاری ئەندازیاری ناکەیت؟ کاتێک شکلێتمان دانا دەیانوت چۆن فریای ئەم هەموو شتە دەکەویت — تۆ ئەندازیار و دیزاینەری، چیت داوە لە عەرەبانەیەکدا شت بفرۆشیت؟
وە کاتێک بڕیارمدا سیمپڵ ستۆدیۆ دابنێم، پێشتر بە تەنیا بە لاپتۆپێک و مۆبایلەکەم ئیشم دەکرد؛ هەنگاوێکی گەورە و قورس بوو. بەڵام هەر لە سەرەتاوە دەمزانی کە دەبێت ڕۆژێک ئیشەکانم سەربگرن.
چوونە بەرچاوی خەڵکی وەک دیزاینەرێک و دروستکردنی ناوەڕۆک، تا خەڵک بزانن من ئیشی براندینگ و دیزاین دەکەم. ئەمە هۆکاری گەشەکردنی براندی کەسی خۆم بوو و پاشان دانانی سیمپڵ ستۆدیۆ — بە نزیکەیی هەموو موشتەرییەکانی سیمپڵ لە ڕێگەی دەمودەم و براندی کەسی خۆمەوە هاتوون.
بۆ شکلێت دوو شت بوو پێکەوە: بەرهەمێکی باش و مارکێتینگێکی جیاواز. ئیشەکەمان بە شێوازێکی جیاواز ئەنجامدا، وای لێهات خەڵک بە سەعات لەسەرەدا دەوەستان تا تاقی بکەنەوە.
پۆدکاستی فاوندەرزیش گفتوگۆی ڕاستەقینە و دیاریکردنی بواری تایبەتمەند بوو — پۆدکاستێک نەبوو باسی هەموو شتێک بکات، تەنها باسی چیرۆکە ڕاستەقینەکانی بزنس دەکات بە ڕاستگۆیی. هەر ئیشێکیش کە کردوومە تایبەتمەندی هەیە و خۆم نایەم لە هەموو شتێک.
ناخۆشترین ئیشەکەی هەولێر بوو. لەگەڵ خێزانم بە ماڵەوە ڕۆیشتین بۆ هەولێر بۆ ئەوەی بزنسێک بنیات بنێین. بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو لە شوقەیەکی زۆر بچووکدا ژیاین — یەک ژووری نوستن، لەسەر دۆشەک دەخەوتین، بێ غەسالە، تەنها سەلاجەیەک و تەباخێکی بچووکمان هەبوو. ژووری ئۆفیسەکەمان شەوان دەبوو بە ژووری دانیشتن. دوور لە خێزان، دوور لە شاری خۆمان. بزنسەکە سەری نەگرت. تا کۆتا سات بەردەوام بووین، دواتر بڕیارێکی قورس و ڕاستمان دا کە بگەڕێینەوە.
باشترینیان مانگی ڕەمەزانی ٢٠٢٥ بوو لەگەڵ شکلێت. چەند مانگێک پێشتر بە پاسکیلێکی سێ تایەیی دەستمان پێکردبوو؛ باوەڕمان بە بەرهەمەکە هەبوو بەڵام هەرگیز بە تەواوی دڵنیا نابیتەوە. کاتێک ڕەمەزان هات، خەڵک بۆ چەندین کاتژمێر لە سەرەدا دەوەستان. ئیتر ئەوکاتە هەستم بە سەرکەوتنی بزنسەکە کرد.
سیمپڵ ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات کە زۆربەی بزنسەکانی کوردستان ناسنامەیەکی دروستیان نییە — بوونیان هەیە بەڵام لە ڕووی پڕۆفیشناڵی و گەیاندنی پەیامەوە لاوازن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی کڕیار و متمانە.
شکلێت بۆشاییەکی ڕاستەقینە پڕ دەکاتەوە — شیرینییەکی کوالێتی بەرز بە دیزاینێکی جوان کە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەتدا دەگونجێت: گران نییە، ئاڵۆز نییە. لە هەمان کاتدا دەمانەوێت براندێکی کوردی دروست بکەین کە لە داهاتوودا شانازی پێوە بکەین.
فاوندەرز کێشەی نەبوونی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی بازرگانی بە زمانی کوردی چارەسەر دەکات — خەڵک دەیانەوێت فێر ببن و چیرۆکی ڕاستەقینە بە زمانی خۆیان ببیستن، و ئەوە شتێک بوو کە پێشتر زۆر کەم بوو.
لە سیمپڵ یارمەتی بزنسەکان دەدەین کە پڕۆفیشناڵ دەرکەون و بە ڕوونی پەیامی خۆیان بگەیەنن — ناسنامەی براند، لۆگۆ، کەمپەین، ڤیدیۆ، سۆشیاڵ میدیا، پاکێجینگ و هەموو شتێکی پەیوەندیدار بە دیزاین، لە دۆزینەوەی ناوەوە تا دروستکردنی براندێکی تەواو.
لە شکلێت شیرینییەکی سادە و کوالێتی بەرز دروست دەکەین — شیلک و چۆکلەیت — کە لە ڕێگەی کۆشکەوە دەیفرۆشین، بە شێوازێک کە هەست بە کاتێکی خۆش بکەیت لە ڕۆژەکەتدا.
لە فاوندەرز میوانداری خاوەنکارەکان دەکەین و گفتوگۆی درێژ و ڕاستگۆیانە دەکەین. چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەوان باس دەکەین — تەنها لایەنی سەرکەوتن نا، بەڵکو گەشتە ڕاستەقینەکەی پشت دروستکردنی بازرگانییەکە.
هەندێک لەو براند و لۆگۆیانەی ئەحمەد و تیمی سیمپڵ ستۆدیۆ دیزاینیان کردوون.
وتار لەسەر بزنس، براند و ئەوەی لە پۆدکاستەکەوە فێری دەبین.